کەمکردنەوەی خەرجی – چۆن سیستەمێکی ئەلیکترۆنی لە شوێنی کارەکەت هاوکارییت دەکات؟

کاتێک کۆمپانیا یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت دەبن بە ئەلیکترۆنی، سیستەمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار (BPMS) و، سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان (HRMS) بەکاردەهێنن. ئەم گۆڕانکارییە تێچووی پەڕاوگە و هاتووچۆ و پەیوەندییەکان و دەیان تێچووی تر کەمدەکاتەوە. هەندێک لە تێچووەکان نەک تەنیا کەم دەبنەوە، بەڵکو دەبن بە سفر. با بزانین چۆن!

سیستەمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار (BPMS) چییە؟

سەرەتا دەبێت بزانین (BPM) چییە

هەموو جووڵە و چالاکییەک، هەروەها بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی ڕۆژانە، جا لە ژیانی کەسیی خۆمان بێت، یان شوێنی کارەکەمان، لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە جێبەجێ دەکرێت. هەموو شتێک دەبێت بە پرۆسەیەک دەست پێ بکات و تەواو بێت. ئەمە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانیش بەهەمان شێوەیە. بەڵام بیهێنە پێش چاوی خۆت: کاتێک بەشەکان زۆر دەبن، ژمارەی کارمەندان زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوانەشدا داواکاریی هاوڵاتیان و کڕیاران زیاد دەکات. لەم کاتەدا سەرجەم پرۆسەکان بەیەکدا دەچن، تێکەڵ دەبن و دەشێوێن. بیریشمان نەچێت، ڕۆتین زیاد دەکات، خەرجیی زۆر دەبێت، ئەرکەکان قورس دەبن و داواکاریی هاوڵاتیان ڕایی نابێت. لێرەدا زانستێک دێتە ئاراوە بەناوی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار (BPM). ئەم زانستە پێمان دەڵێت چۆن پرۆسەکان ڕێک بخەین؟ کارەکان خێراتر بکەین؟ خەرجیی کەمبکەینەوە؟ لەگەڵ ئەوەشدا، پێمان دەڵێت چۆن چاودێریی پرۆسەکان بکەین؟ چونکە دەبێت بەردەوام پرۆسەکان باشتر و خێراتربن، هەروەها بەدوای کەمکردنەوەی ڕۆتیندا بگەڕێین.

کەواتە (BPMS) چییە؟

واتە سیستەمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار، هەموو ئەو شتانەی باسمان کرد لە (BPM) لە ڕێگەی سیستەمێکی (BPMS)ەوە دەبن بە ئەلیکترۆنی. بەمە دەڵێین جیهانی بێ کاغەز. ئیتر هەموو شتێک دەبێت بە ئەلیکترۆنی. ئەم سیستەمە گونجاوە بۆ هەموو دامەزراوەیەک، جا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت تا کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان. هەمیشە دەڵێین چۆن تەکنۆلۆجیا دەتوانێت هاوکاربێت لە بەڕێوەبردنێکی باشتر، سیستەمی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار باشترین وەڵامە. چونکە وەکو باسمان کرد نەک تەنیا پرۆسەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی ڕێک دەخات، بەڵکو تێچوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، تەنانەت هەندێک لە تێچووەکان دەبن بە سفر.

سیستەمی (BPMS) کام تێچووانە کەمدەکاتەوە؟

پێشتر وتمان کاتێک بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت، یان کۆمپانیاکان دەبن بە ئەلیکترۆنی تێچووەکانی وەک پەڕاوگە و هاتووچۆ و پەیوەندییەکان و دەیان تێچووی تر کەم دەکەنەوە. بەڵام با بە نموونەوە باسی بکەین، چۆن ئەو تێچووانە کەم دەکەینەوە؟

تێچووی پەڕاوگە و چاپکەر (Printer)

کاتێک سیستەمێکی (BPMS) بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە کارامە کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای پاتریس. ئەوە سەرجەم کار و ئەرکەکانی دامەزراوەکە دەبێت بە ئەلیکترۆنی. بەڵام با هەندێک نموونە بهێنینەوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی – حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی (BPMS)ی کارامە بەکاردەهێنێت. یەکێکیش لە بەشەکانی کارامە بریتییە لە ئەرشیفی ئەلیکترۆنی، لەو ماوەیەدا 420,007 نووسراو بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنیی ئەرشیف کراون. ئەمە واتە 420,007 جار کاغەز بەکارنەهاتووە، پرینتەر کاری نەکردووە، حبر (Ink) بەکارنەهاتووە، کارەبا بۆ چاپکەر بەکارنەهاتووە، بۆکس فایل نەکڕدراوە بۆ کۆگاکردنی نووسراوەکان.

تێچووی بەرید و پێداویستیی ئوتومبیل

کاتێک سیستەمێکی (BPMS) بەکاردەهێنرێت، سەرجەم نووسراوەکان لە نێوان بەشەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتێکی حکومەت، یان لقەکانی کۆمپانیایەک\زنجیرە کۆمپانیەیەک، بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی ڕەوانە دەکرێن و وەڵام دەدرێنەوە. ئەمە واتای ئەوەیە چیتر پێویست بە بەرید ناکات، بەکارهێنانی ئوتومبیل زۆر کەم دەبێتەوە، پێویست ناکات سووتەمەنی و پێداویستییەکانی ئوتومبیل بکڕدرێت، یان چاکسازیی بەردەوام بکرێت. بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە بەرید و ناردنی نووسراوەکانەوە، بەڵکو کاتێک سیستەمێکی (BPMS) بەکاردەهێنرێت، چیتر کارمەندان و بەڕێوەبەران پێویست ناکات هاتووچۆ بکەن و بەڕێوەبەرایەتی و بەشە جیاوازەکان بەسەربکەنەوە. بەڵکو هەموو شتێک لە داشبۆردی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانەوە دیارە. ئەوەشمان بیرنەچێت کاتێک ئوتومبیلەکان کەمتر کاردەکەن، تەنیا بابەتەکە کەمکردنەوەی خەرجیی نییە، بەڵکو ڕێژەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن زۆر کەمدەبێتەوە و ئەمەش چاکەیەکی گەورەیە بەرانبەر ژینگە.

کات

مەترسیدارترین تێچوو بەفیڕۆدانی کاتە، سیستەمی (BPMS) ڕۆتین کەمدەکاتەوە، کارەکان بەشێوەیەکی خۆکار بەڕێوە دەبات، بەدواداچوون ئاسانە و هەڵە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەهێزەکانی سیستەمی (BPMS) بریتییە لە وۆرک فلۆو (سير العمل) (Workflow). ئەمە تایبەتمەندییەکی ناوازەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و باشترکردنی پرۆسەی کار. وۆرک فلۆو واتە کارێکی دیاریکراو لە کوێوە دەست پێ دەکات و لە کوێ تەواو دەبێت. بۆ نموونە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی – حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی (BPMS)ی کارامە بەکاردەهێنێت. لەو ماوەیەدا 458,693 وۆرک فلۆوی هەبووە. هەروەها 367,527 جار وۆرک فلۆوەکان کاریان کردووە.

کۆتایی

سیستەمی (BPMS) زۆر زیاتر لەوەی باسمان کرد تێچوو کەم دەکاتەوە و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی کات دەگرێت. کارامە بناسن، یەکێکە لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی کۆمپانیای پاتریس. دەیان کۆمپانیای گەورە و وەزارەتەکانی حکومەت، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ئێراق بەکاری دەهێنن و متمانەی خۆیان پێ بەخشیوە. سەرجەم زانیارییەکان بخوێننەوە، دەتوانن داوای ڕاوێژکاریی بێبەرانبەر بکەن و تاقیشی بکەنەوە.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

KU