هەموو گۆڕانکارییەکی ڕێکخراوەیی، جا بچووک بێت یان گەورە، ترس و دڵەڕاوکێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بەگشتیی ئێمەی مرۆڤ بە گۆڕانکاریی دڵخۆش نیین. دەمانەوێت سەرجەم ئەرکەکانی ڕۆژانە و شێواژی ژیانمان هەمیشە وەکو خۆی بەڕێوە بڕوات. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکان، پێویستیان بەوەیە بەردەوام ئامادەبین بۆ گۆڕانکاری و بەڕەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان. گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی جۆری زۆرە، پێشنیار دەکەین تەماشای ئەم وێبینارە بکەن کە تێیدا مامۆستا عومەر مستەفا \ ماستەر لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، باسی گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی دەکات. بەڵام لەناو جۆرەکانی گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی، گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجی و پێشوازیکردن لە تەکنۆلۆجیا، زیاتر لە هەموو گۆڕانکارییەکانی تر ترس و دڵەڕاوکێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هۆکار زۆرن بۆ ئەوە، بەڵام ئێمە ئاماژە بە دیارترین بەربەستەکان دەکەین و چارەسەرەکانیان دەخەینەڕوو.
بۆچی بەربەست بەرانبەر گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجیی دروست دەبێت؟
وەکو باسمان کرد هەموو گۆڕانکارییەک ترس و دڵەڕاوکێی لەگەڵدایە، جیاوازیی نییە گۆڕانکارییەکە لە ژیانی کەسیدایە یان ژیانی پیشەیی و کارکردن. بەڵام گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجیی زیاتر لە هەموو گۆڕانکارییەکانی تر بەربەستی لەبەردەمدا دروست دەبێت، هەندێک لە بەربەستەکان تەنیا ترس و دڵەڕاوکێن، هەندێکی تریان خاڵی گرنگن و پێویستیان بە چارەسەرە. ئەو بەربەستانەی ئێمە لەم بابەتەدا باسیان دەکەین، زۆر باون و بەشێکی زۆری دامەزراوەکان ڕووبەڕووی هەمان بەربەست دەبنەوە.
بەربەستەکان
ڕێگریی لە گۆڕانکاریی
یەکەمین و بەربڵاوترین بەربەست لە بەردەم گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجی، خودی کارگێڕی و کارمەندانی دامەزراوەکە دروستی دەکەن. هۆکارەکەش تەنیا ترس و دڵەڕاوکێیە لە گۆڕانکاریی. هەمیشە ئەو کارمەند و بەڕێوەبەرانەی لە نەوەکانی (Baby Boomer و Gen X)ن ترسێکی زۆریان لە بەکارهێنانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان هەیە، (دەبێت بزانین ئەمە گشتیی نییە). هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم نەوانە (1946 تا 1980) کاروبار و ئەرکی ڕۆژانە و پیشەییان بەبێ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا ئەنجامداوە. ئێستا گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجی، لەناو ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکەن، ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات. هەندێکی تر لە کارمەندان بەشێوەیەکی گشتیی دژی گۆڕانکاریین، ئەم جۆرە پەیوەندیی بە تەمەنەوە نییە. بەڵکو ئەم کەسانە دەیانەوێت هەموو کار و ئەرکێک بەو شێوەیە ئەنجام بدرێت کە هەمیشە ئەنجام دراوە و بە گۆڕانکاریی ئاسوودە نیین. هەندێکی تریش لە کارمەندان، ئەگەرچی تەکنۆلۆجیا کارەکانیان ڕێکدەخات و ڕۆتین و تێچوو کەمدەکاتەوە، بەڵام دژی دەوەستنەوە. بۆ نموونە کاتێک بە کارمەندێک دەڵێیت بۆ ئەوەی دەست بکەیت بەم ئەرکە دەبێت فۆڕمی ئەو ئەرکە پڕ بکەیتەوە تا پرۆسەکە دەست پێ بکات، وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: من پێشتر نامەیەکی دەنگییم لە وەتساپەوە ناردووە و کارەکان ئەنجام دراون، ئێستا تەکنۆلۆجیا کارەکانی ئاڵۆز کردووم.
چارەسەری ئەم بەربەستە تەنیا گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنە. پێش هەموو شتێک ترس و دڵەڕاوکێکان دەبێت ڕیز بکرێن و وەڵام بدرێنەوە. بۆ نموونە ئەو کارمەندانەی تەمەنیان گەورەیە، مافی خۆیانە لە چەندین شت بترسن، بۆ نموونە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان هەبێت، یان بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە هەڵە لە ئەرکەکانیان دروست بێت. دەبێت ئەو ترسانە وەڵام بدرێنەوە، کە دامەزراوەکە ڕاهێنانی تەواو پێشکەش دەکات، هەروەها دروستبوونی هەڵه لە سەرەتاوە ئاسایییە و سزای لەسەر نییە. بەم شێوەیە دەبێت سەرجەم ترس و دڵەڕاوکێیەکان وەڵام بدرێنەوە، چونکە وەکو باسمان کرد، زۆرینەی ڕێگرییەکان تەنیا ترسن لە گۆڕانکاریی.
نەگونجانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان لەگەڵ دامەزراوەکەدا
هەموو دامەزراوەیەک، جا کەرتی گشتیی بێت یان تایبەت، بەشێوەیەک ئەرک و کاروبارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. بەربەستی گەورە لەبەردەم گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجی بریتییە لەوەی دامەزراوەکە هیچ سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی دەست ناکەوێت کە بگونجێت لەگەڵ شێوازی کارکردنی دامەزراوەکە. چونکە هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت ئەرک و پرۆسەکانی لە ڕێگەی سیستەمێکەوە بکات بە ئەلیکترۆنی کە نەتوانێت وەڵامی هیچ کام لە داواکارییەکانی دامەزراوەکە بداتەوە.
چارەسەری ئەم بەربەستە چەند خاڵێکە، یەکەم هەمیشە بەدوای سیستەمێکی ئەلیکترۆنیدا بگەڕێ کە لە وڵاتی خۆت و بەلەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی وڵاتی خۆت دروست کراوە. دووەم: بەدوای سیستەمێکدا بگەڕێ کە سەرجەم داواکارییەکانت بۆ جێبەجێ بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمپانیای گەشەپێدەر و پرۆگرامسازانی سیستەمەکە. سێیەم: بەدوای سیستەمێکدا بگەڕێ کەلەسەر بنەمای زانستیی دروست کراون، بۆ نموونە سیستەمێکی ژمێریاریی، دەبێت لەسەر بنەماکانی زانستی ژمێریاریی دروست کرابێت، نەک بەبیرۆکەی چەند کەسێک.
نەبوونی کەسانی شارەزا لە دامەزراوەکاندا
یەکێکی تر لە بەربەستەکانی گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجیی، بریتییە لە نەبوونی کەسانی شارەزا بۆ کارپێکردنی سیستەمەکان. ئەگەرچی کۆمپانیای گەشەپێدەری سیستەمەکە ڕاهێنان و فێرکاریی پێشکەش بکات، بەڵام بەردەوام کێشە لە بەکارهێنانی سیستەمەکە دروست دەبێت. هۆکارەکەش نەبوونی شارەزایی و هۆشیاریی تەکنۆلۆجییە لەناو کارگێڕی و کارمەندانی دامەزراوەکە.
چارەسەری ئەم بەربەستە بە دوو شێوە دەکرێت. یەکەم، مەرجە دامەزراوەکان لەوەبەدوا لەکاتی دامەزراندنی کارمەندان گرنگییەکی زۆر بەوە بدەن کە ئەو کەسانەی دایان دەمەزرێنن، شارەزایی و هۆشیاریی تەکنۆلۆجییان لە ئاستێکی باشدا بێت، چونکە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دامەزراوەکان یان گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجییان ئەنجام داوە یان ئێستا لە پرۆسەکەدان، دامەزراندنی کارمەند کە شارەزایی تەکنۆلۆجیی نییە، کێشەی بەردەوام دروست دەکات. دووەم، پێویستە دامەزراوەکان بەردەوام خول و ڕاهێنان بدەن بە کارمەندەکانیان، خول و ڕاهێنان تەنیا لەسەر سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت خولی هۆشیاریی گشتیی بکرێتەوە، بۆ نموونە چۆن خۆت لە فێڵ و دەستبڕینەکانی سەر ئینتەرنێت دەپارێزیت. چۆن ئامێرەکانت لە پەڕگەی زیانبەخش دەپارێزیت.
ترس لە پشت بەستن بە تەکنۆلۆجیا و سیستەمی ئەلیکترۆنی
بەشێکی زۆری بەڕێوەبەر و خاوەن کاران، لەوە دەترسن پشت بە سیستەمێک ببەستن بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکەیان. ئەم ترسەش بەتەواویی لەجێی خۆیەتی، چۆن دەکرێت زانیارییەکانم تەنیا لەسەر کۆمپیوتەرێک هەڵبگرم؟ چی ئەگەر پارەیەکی زۆرم خەرج کرد و دواتر سیستەمەکە سوودی نەبوو؟ چی ئەگەر کۆمپانیای گەشەپێدەر وڵامی نەدامەوە؟
چارەسەری ئەم بەربەستەمان لە بابەتێکدا بەتەواویی ڕوونکردۆتەوە، خوێنەری (بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکەت – پێش خوێندنەوەی ئەم بابەتە ئەنجامی مەدە) بن، چیتر دوای ئەم بابەتە ترس و دڵەڕاوکێتان بەرانبەر گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجیی نابێت.
کۆتایی
ئەو خاڵانەی باسمان کرد، دیارترین بەربەستەکانی بەردەستم گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجیین لە دامەزراوەکاندا. هیوادارین بابەتەکە سوودی هەبووبێت و وەڵامی پرسیارەکانتانی دابێتەوە. هەر پرسیارێکیشتان هەیە، لە خوارەوە سەرنجێکمان بۆ بنووسن، بە بەشداریکردنتان خۆشحاڵ دەبین.
وەڵامێک بنووسە