سەرچاوە مرۆییەکان – چییە و بۆچی گرنگە

ئەگەر بۆتە پرسیار لەلات کە سەرچاوە مرۆییەکان چییە. بۆچی هەموو دامەزراوەیەک، بەشێکی هەیە بەناوی سەرچاوە مرۆییەکان. ئەرکی ئەو بەشە چییە و بۆچی گرنگە. ئەوا ئەم بابەتە بۆ تۆیە، بەئاسانیی و بەپوختی ڕوونی دەکەینەوە، سەرچاوە مرۆییەکان چییە و بۆچی دەبێت هەموو دامەزراوەیەک، بەشێکی هەبێت بەناوی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان.

سەرچاوە مرۆیییەکان – واتا و مێژوو

واتای سەرچاوەی مرۆیییەکان

پێش هەموو شتێک، دەبێت بزانین سەرچاوە مرۆیییەکان تەنیا ناوێک نییە بدرێت بە بەشێکی دامەزراوەکان. بەڵکو ئەگەرچی بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان بوونی هەبێت یان نا، ئەوا هەموو دامەزراوەیەک لە کەرتی گشتی و تایبەت، بە سەرچاوەی مرۆیی دروست بووە و دەڕوات بەڕێوە. چەند کارمەندێک تا هەزاران کارمەند، بەیەکەوە سەرچاوەی مرۆییین بۆ دامەزراوەکە. بەڵام کاتێک دەڵێین بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان یان بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆیییەکان. ئەوا مەبەستمان لە بەشێکی دامەزراوەکەیە، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوە مرۆیییانەیان لەئەستۆیە.

بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان

کەواتە تێگەیشتین لەوەی، سەرچاوە مرۆیییەکان واتە سەرجەم کارمەندانی دامەزراوەیەک بەیەکەوە. بەرێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان، واتە بەش و بەڕێوەبەرایەتییەک کە دەبێت ئەو سەرچاوەیە بەڕێوە ببات. بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان دەبێت بەڕێوەبەرێکی هەبێت، کە ناونیشانەکەی بریتییە لە: بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان (HR Manager). بەشێوەیەکی گشتیی، بەڕێوەبەری ئەم بەشە دەبێت دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، لە بەڕێوەبردنی کاروباری کارمەنداندا. ئەگەرنا بەشەکە ناتوانێت چوست و کاریگەر بێت. هەرچەندە ئەم بابەتە، بەپێی سیاسەتی کۆمپانیا و حکومەتەکان جیاوازە. بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆیییەکان، مەرجە پسپۆڕییەکەی لەبواری کارگێڕی و سەرچاوە مرۆیییەکاندا بێت، بۆ نموونە: بەکالۆریۆس/دیبلۆم لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان یان کارگێڕیی کار. بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەر دەبێت شارەزابێت لە خودی کارەکانی دامەزراوەکە. بۆ نموونە بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆیییەکان، لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە تەکنۆلۆجیای زانیاری، ڕاستە دەبێت پسپۆڕی سەرچاوە مرۆیییەکان بێت، بەڵام باشترە شارەزای بواری کارکردنی کۆمپانیاکەش بێت. بەپێچەوانەوە هەڵە تێگەیشتن و بڕیاری هەڵه دروست دەبێت. کارمەندانی بەشی سەرچاوە مرۆیییەکانیش بەهەمان شێوە، دەبێت شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە بن.

مێژووی سەرچاوە مرۆیییەکان

سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بوارەکە پێی دەگوترا (کارگێڕیی کارمەندان) (Personnel Administration)، یەکەمین شوێن کە بەشێک بکاتەوە بەناوی کارگێریی کارمەندان، کۆمپانیایەک بوو بەناوی (NCR Corporation)‌ لە ساڵی 1900. بە دوای ئەوێشدا کۆمپانیاکانی تر دەستیان کرد بە کردنەوەی بەشێک بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام ئەو کاتە بەشەکە و ئەرکەکانی وەکو ئێستا فراوان و پڕ زانست و زانیاری نەبوو. بەڵکو ئەرکیان دامەزراندن و هەڵسەنگاندن و هەندێک کاری ئاساییی ڕۆژانەی کارمەندان بوو. بەڵام دوای ساڵانی 1970 کە کۆمپانیا ئەمریکایییەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەتر بوونەوە، وەکو جیهانیی بوون و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکان و هتد. ئەوا زیاتر و زیاتر گرنگیی بە سەرچاوە مرۆیییەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان درا. گۆڕانکاریی لە تێگەیشتن بۆ بوارەکە دروست بوو، کە بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان، نەک تەنیا دەبێت ئەو ئەرکانەی پێشوو بەجێبگەیەنن، بەڵکو دەبێت گرنگیی بە پەیوەندییەکان بدرێت. پەیوەندیی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە، هەروەها پەیوەندیی نێوان کارمەند و کڕیاران. ئێستا بەشی سەرچاوە مرۆییەکان گرنگیی بە ڕاهێنان، تەندروستی، دەرووندروستی، ئارامی، پەیوەندیی دروست، هەڵسەنگاندن و دەیان بواری تر دەدات. ئیتر لە دوای ئەوە، زانکۆکان بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان و کارگێڕیی کار و چەندین بوار و پسپۆڕیی تریان کردەوە.

کۆتایی

هیوادارین بابەتەکە سوودی هەبووبێت، تێگەیشتنێکی خێرامان لە بوارەکەدا پێشکەش کردبێت. لە داهاتوودا زیاتر بوارەکە شی دەکەینەوە، ئەرک و لێپرسراوێتییەکان دەخەینە بەرچاو. خۆشحاڵ دەبین هەر تێبینی و پرسیارێکتان هەیە بۆمان بنووسن. بابەتی زیاتر لە بڵۆگەکەمان بخوێننەوە.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

KU