بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکان، باسێکی گرنگی ئەم سەردەمەیە، بەتایبەتیی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. سەرجەم بەڕێوەبەران و خاوەن کاران، هەنگاویان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە ناوە. سوودەکانی بەڕێوەبەردنی ئەلیکترۆنیی زۆرن، بۆ نموونە دەتوانن لەم بابەتەی بڵۆگەکەمان بیخوێننەوە کە چۆن کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی ئەلیکترۆنیی، تێچووەکانی چەندین جار بەراورد بە دامەزراوە نائەلیکترۆنییەکان کەمترە. لەم بابەتەدا ڕێبەرییەکی زانستیی دەخەینەڕوو، بۆ ئەو خاوەن کار و بەڕێوەبەرانەی تازە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی کارەکانیان. لەم بابەتەدا بەتەواویی بۆتان ڕووندەکەینەوە چۆن و لە کوێوە دەست بکەن بە دامەزراندنی کۆمپانیا و نووسینگەیەکی ئەلیکترۆنی.
کارە بچووکەکان و کۆمپانیا نوێیەکان
بەدڵنیایی بابەتەکە بەسوودە بۆ سەرجەم خاوەن کار و بەڕێوەبەران. بەڵام وەک ئاشکرایە کۆمپانیا و کارێکی بچووک کە ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنن، زۆر بەئاسانتر بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هێشتا هیچ تۆمارێک بوونی نییە، هەروەها تا ئێستا کاغەز بەکارنەهاتووە. کارمەندانیش هێشتا هیچ سیستەمێکیان بەکارنەهێناوە، ئامادەن بۆ ڕاهێنان و فێربوون لەسەر سیستەمێکی نوێ بۆ یەکەمین جار.
لە کوێوە دەست پێ بکەین؟
لە بابەتەکەدا هەنگاو بە هەنگاو چۆنێتیی دامەزراندنی کۆمپانیا و نووسینگەیەکی ئەلیکترۆنیتان بۆ ڕووندەکەینەوە. چۆن هەموو بەشەکانی کۆمپانیاکە سەربەخۆ دەبن بە ئەلیکترۆنی، پاشان دەتوانین بە کۆمپانیاکە بڵێین کۆمپانیایەکی ئەلیکترۆنی. کەواتە با دەست پێ بکەین.
دەرکەوتن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیا
هەموو کۆمپانیا و نووسینگە و دامەزراوەیەک، دەبێت بەخێرایی و ئاسانیی بەردەست بێت بۆ بینین و پەیوەندیی لەسەر ئینتەرنێت. بۆیە یەکێک لەو هەنگاوانەی بەڕێوەبەر و خاوەن کار دەبێت بیری لێ بکاتەوە، بریتییە لەوەی چۆن ئەو کارە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و جوان ئەنجام بدات.
وێبسایت – دەرکەوتن و بەردەستبوونی کارەکە
کارەکەت دەبێت زۆر بەئاسانیی لەسەر ئینتەرنێت بدۆزرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت کۆمپانیاکەت ماڵپەڕ (Website)ی هەبێت. هەموو ماڵپەڕێک ناونیشانی خۆی هەیە، وەکو چۆن نووسینگەکەت ناونیشانی هەیە. خەڵکیی بەو ناونیشانە سەردانی ماڵپەڕەکەت دەکەن. بۆ نموونە، ئەم ماڵپەڕەی ئێستا تۆ ئەم بابەتەی لێ دەخوێنیتەوە، ماڵپەڕی کۆمپانیای پاتریسە. کڕیاران و سەردانکەرانی ئێمە زۆر بەئاسانیی لە ڕێگەی ئەم ناونیشانەوە دەماندۆزنەوە (patrisco.com) ئەم ناونیشانە پێی دەوترێت ناوی پاوان (Domain name). جگە لەوەی ئێمە بەردەوام زانیاری و بابەتی زانستیی لە بوارەکانی کارگێڕیی کار و سەرچاوە مرۆییەکان بڵاودەکەینەوە، هەروەها ئێمە زۆر بەجوانی و وردی باسی کۆمپانیاکەمان کردووە، هەر کەسێک بیەوێت زانیاریی لەسەر کۆمپانیاکەمان وەربگرێت، لێرە بەئاسانیی دەستی دەکەوێت. لەگەڵ ئەوەش لە ماڵپەڕەکەمان بەوردیی باسی سەرجەم بەرهەمەکانمان کردووە. سەردانکەرانمان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن. ئاگاداربە ئەم ئەرکە ئەرکی وێبسایتە، هەرگیز تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن ئەو کارە بکەن. بەڵکو ئەوان بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی پەیوەندی و بابەتی کورت و خێرا. دروستکردنی وێبسایت بە چەندین شێوە و ڕێگا ئەنجام دەدرێت، دەتوانیت سوود لە ڕاژەکانی وەکو (WordPress.com) وەربگریت، کە شارەزاییەکی سەرەتایی پێویستە، لەماوەیەکی کورتدا دەبیت بە خاوەنی ماڵپەڕی خۆت. هەروەها دەشتوانیت، خۆت لە بنچینەوە لە ڕێگەی (WordPress.org)ەوە کارەکە ئەنجام بدەیت، جا لە ڕێگەی تیمی خۆت، یان کۆمپانیایەکی دەرەکیی ئەو بوارە.
پۆستی ئەلیکترۆنی ـ پەیوەندییەکانی کارەکە
پۆستی ئەلیکترۆنیی (Email)، گرنگترین ڕێگەی پەیوەندیگرتنە بۆ کارەکان، جا لە نێوان کارمەندان بێت یان لەگەڵ دەرەوەی کارەکە. هەموو بەڕێوەبەر و کارمەندێک دەبێت پۆستی ئەلیکترۆنیی هەبێت. بەڵام یەکێک لەو هەڵانەی زۆرێک لە خاوەن کار و بەڕێوەبەران دەیکەن بریتییە لە بەکارهێنانی هەژماری پۆستی ئەلیکترۆنیی کەسیی، واتە ئەو هەژمارەی بە (gmail.com) و (outlook.com) و هاوشێوەکانیان تەواو دەبێت. ئەو هەژمارانە بۆ کار و بازرگانیی نابن و دەبێت هەموو کەسێک تەنیا بۆ ژیانی کەسیی خۆی بەکاریان بهێنێت. هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەیەک دەبێت پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بەکاربهێنێت. پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بۆ ئەو کارە دروست کراوە، ڕێگەت دەدات کار و ژیانیی تایبەتیی جیابکەیتەوە، هەروەها ئەوە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ دەدات بە کارەکەت. ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بە ناونیشانی ماڵپەڕەکەت (ناوی پاوانەکەت) تەواو دەبێت. نەک (gmail.com) و (outlook.com). چەندین ڕاژەی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بەهێز بەردەستن و دەتوانیت ئەوەی گونجاوە هەڵیبژێریت، بۆ نموونە (Zoho Mail) یان (Google Workspace).
بەڕێوەبردنی ئەرک و پرۆسەکانی کۆمپانیا
هەموو کۆمپانیایەک دەبێت ئەرک و پرۆسەکانی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی بەڕێوە ببات. ئەمە زۆر زیاتر لەوەی بیری لێ دەکەیتەوە تێچوو، کات، هەڵه و ڕۆتین کەمدەکاتەوە. ئەم کارە لە ڕێگەی سیستەمێکەوە دەکرێت کە پێی دەوترێت (BPMS)، واتە سیستەمی بەڕێوەبردنی پرۆسەی کار. ئەگەر زۆر بە ئاسانیی بمانەوێت باسی بکەین کە ئەم سیستەمەکە چی دەکات. ئەوە دەڵێین هەموو شتێک لە بچووک تا گەورە، کە بەشێکن لە پرۆسەکانی کارەکەت لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی ئەنجام دەدرێت. سەرجەم کارمەندانی کۆمپانیاکە ئەم سیستەمە لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان دادەمەزرێت، هەس کەس هەژماری خۆی هەیە و لەو ڕێگەیەوە کارەکانی خۆی دەکات. بەڵام گرنگیی (BPMS) تەنیا ئەوە نییە تۆ لە بری کاغەز کۆمپیوتەر بەکاربهێنیت، بەڵکو خێرایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان، کەمکردنەوەی هەڵه، کەمکردنەوەی تێچوو، ڕاکێشانی سەدان جۆری ڕاپۆرت لەسەر چۆنێتیی ئەنجامدانی کارەکان. لەم بوارەدا سیستەمی کارامە پێشەنگە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای پاتریس، جێگەی متمانەی چەندین کۆمپانیا و فەرمانگەی حکومییە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و ئێراق. وەکو باسمان کرد سوودەکانی (BPMS) زۆر لەوە زیاترن، بۆیە دەتوانن خوێنەری ئەم بابەتە بن.
ژمێریاری و دارایی
وەک دەزانین، ژمێریاریی یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەیەک، تەنانەت یەکێک لە مەرجەکانی دامەزراندنی هەموو کۆمپانیایەک بوونی ژمێریاری بە ئەزموونە. هەربۆیە دەبێت باشترین سیستەمی دارایی و ژمێریاری لە دامەزراوەکاندا بەکاربهێندرێت، چونکە سەرجەم بڕیارە دارایییەکان لە ڕێگەی ئەنجام و ڕاپۆرتەکانی ئەو سیستەمەوە دەدرێن. پێویستە هەمیشە ئاگاداربیت، سیستەمی ژمێریاریی واتای ئەوە نییە ژمارە کۆبکرێتەوە و لێی دەربکرێت، یان لە کۆتایی ڕۆژدا بزانیت چەند کارت کردووە. بەڵکو سیستەمی ژمێریاریی سەرکەوتوو مەرجە بە پێی یاسا و بنەڕەتەکانی زانستی ژمێریاریی دروست کرابێت. ژمێریاری کۆمپانیاش جگە لەوەی دەبێت خۆی دەرچووی بەشی ژمێریاریی بێت، دەبێت ڕاهێنانیش لەسەر ئەو سیستەمە وەربگرێت تا بتوانێت تەواوی تایبەتمەندییەکانی بەکاربهێنێت. لە کۆتایی هەموو وەرز و ساڵێکیشدا، بەڕێوەبەران و خاوەن کاران بەپێی ئەنجامی وردی ئەم سیستەمە و ڕاوێژی بەشی ژمێریارییەکەیان، دەتوانن بڕیاری دروست و بێ هەڵە بدەن. چەندین سیستەمی بەهێزی ژمێریاریی بەردەستن، لەوانە (Zoho Books) یان (quickbooks).
سەرچاوە مرۆییەکان
بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، یان بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکان، مەرجە کارەکانیان بە ئەلیکترۆنیی ئەنجام بدەن و لە ڕێگەی سیستەمێکەوە کار و باری کارمەندان و پەیوەندیی کۆمپانیا ڕێک بخەن. سیستەمی سەرچاوە مرۆییەکان، جگە لەوەی زانیاری و پێداویستیی سەرجەم کارمەندان و بەڕێوەبەران کۆگا دەکات، بەڵکو کاتی کارکردن و مۆڵەت و پشووەکان ڕێک دەخات. لە ماوەیەکی کورتدا لیستەی مووچە و سەدان جۆری ڕاپۆرتت بۆ ئامادە دەکات، لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە زۆر بەوردی و بەجوانیی دەتوانیت لە کارایی کارمەندان و سەرچاوە مرۆییەکانت تێ بگەیت. دیسانەوە پێویستە ئاگاداربیت، کە سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، دەبێت لەسەر بنەمای زانستیی ئەو بوارە دروست کرابێت، هەروەها سوود لە ئەزموونی ناوخۆ و داواکاریی خاوەن کاران وەرگیرابێت. کۆمپانیای پاتریس دوو سیستەمی بەهێزی بۆ بەڕێوەبردنی دەوامی کارمەندان و بەشی سەرچاوە مرۆییەکان هەیە، ئەوانیش: لیۆپارد و پەی تایم.
کۆتایی
بەدڵنیایی سیستەمی تر زۆرن، تەکنۆلۆجیا و زانستی کارگێڕیی چەندین بواری تریان بە ئەلیکترۆنیی کردووە، لەم بابەتەدا پێمان خۆش بوو چەند سیستەمێک باس بکەین کە مەرج و بنەڕەتن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دامەرزراوەکان. هیوادارین ئەم بابەتە سوودی هەبووبێت بۆتان، ئەگەر خاوەنی کاری خۆتانن، دەتوانن لە خوارەوە پرسیارەکانتان ئاڕاستە بکەن و بە خۆشحاڵییەوە وەڵامتان دەدەینەوە، یان ئەگەر کەسێک دەناسن کە ئەم بابەتە سوودی دەبێت بۆی، هاوبەشیی پێ بکەن.
وەڵامێک بنووسە